کادیرێکی پارتی: پرۆسەی هەڵبژاردن بەرەو دواخست دەچێت

02/04/2024
فۆتۆ: 

کادیری پارتی رایدەگەیەنێت: هەڵبژاردنەکان بەرەو دواخستن دەچێت، چونکە پارتی نوێنەرایەتیی لەسەدا ٦٠ی دەنگدەرانی هەرێم دەکات و بەشداری هەڵبژاردن ناکات.

ڕێبین سەلام مامۆستای زانکۆو کادیری پێشکەوتوی پارتی ڕایگەیاند: هەندیک کەس باسیان لەوەدەکرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبایکۆتکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان جدی نییەو ئەو بابەتە وەک کارتێکی گوشار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسیی بەکاردەهێنێت، بەڵام پارتی بەتۆمارنەکردنی ناوی وەک قەوارەیەکی هەڵبژاردن لەلای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پێچەوانەی ئەوەی سەلماند.

ئاماژەی بەوشکردوە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی پارتەکەیان کە لەبەیاننامەی کشانەوەدا خستویەتییەڕوو، بەشداریان نەکردوەو ناوی خۆیان تۆمار نەکردوە لەکۆمسیۆن.

دەشڵێت: کوتلە سیاسییە کوردییەکان هێشتا پێداگرن لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی دەستوریی قەوارەی هەرێم‌و ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان وەک پارتی بەتەواوەتیی ڕەتیدەکەنەوە.

بەوتەی ناوبراو، هەڵبژاردنەکان بەرەو ئەوە دەچێت دوابخرێت، ئەویش بەهۆی بەشدارینەکردنی لایەنێک کە نوێنەرایەتیی لەسەدا ٦٠ی دەنگدەرانی هەرێم دەکات.

باسی لەوەشکردوە، پارتی لەکوتلەی سەدری جیاوازە، بەوپێیەی سەدرییەکان دوای هەڵبژاردنەکان کشانەوە، بەڵام ئەوان پێش هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن، هەربۆیە ئاستی بەشدارییکردن لەهەڵبژاردنەکان تا ئەوپەڕی کەمدەبێت.