نوێترین زانیاری لەبارەی كردنەوەی لقی بانكەكانی رەشید و رافیدەین لە هەرێم

18/04/2024
فۆتۆ: 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هه‌ردوو بانكی‌ ره‌شید و رافیده‌ین ئاماده‌ییان تێدایه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ لقه‌كانیان له‌ هه‌رێم، ده‌شڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی هه‌ماهه‌نگی بۆ كردنه‌وه‌ی‌ لقه‌كانی ئه‌و دوو بانكه‌ له‌ هه‌رێم".

د. بڕیار رەشید، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەوڵەكان بۆ كردنەوەی لقی هەردوو بانكی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی كوردستان و تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، رایگەیاند:

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كردنەوەی لقەكانی لە هەرێمی كوردستان، سەردانی هەریەك لەبانكی ڕەشید و ڕافیدەین-مان كرد.

لە بەرواری (٢٠٢٤/٤/١٦ ) لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانكی رافیدەین، دكتۆر عەلی كەریم كۆبوینەوەو دواتر لە بەرواری ( ٢٠٢٤/٤/١٨) لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانكی رەشید، محەمەد سەمیر كۆوبوینەوە.

دەرئەنجامی هەردوو كۆبونەوە و بەدواداچونەكانمان:-
 
 بۆ ئەنجامدانی تەوتین بۆ هاوڵاتیانی هەرێم راستەوخۆ تەنها بە ناردنی ـ ناوی چواری كەسەكە
- ناوی  سیانی دایك
 - كارتی نیشتمانی
 - كارتی زانیاری
 
لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، بانكەكان دەتوانن تەوگین بكەن، واتە پێویستی بە هاتنی هاوڵاتیان خۆیان نییە و دواتریش لەڕێگەی فەرمانگـەكانیانەوە كارتەكانیان بۆ دەنێردرێتەوە و هاوڵاتیان لە هەر ئامێرێكی ( ATM ) یاخود دەروازیەكی پارەداركردن ئەتوانن موچەكانیان رابكێشن.

كردنەوەی لقەكانی بانكەكان بۆ كارئاسانی زیاتر و سودمەندبوونی هاوڵاتیانە لە خزمەتگوزارییەكان وەك قەرز بۆ كڕین یان دروست كردنی خانوو یان قەرز بۆ  پرۆژەی جۆراو جۆر و تەواوی خزمەتگوزاریەكانی تر.

كردنەوەی لقی دوو بانكی ناوبراو پێویستیان بە هەماهەنگی تەنها وەزارەتی دارایی عێراق و تۆماری خانووبەرە هەیە، چونكە لاینەكانی تر وەك وەزارەتی دارایی عێراق و بانكەكان و بانكی ناوەندی هەموو ئامادەییان تیایە.

* شایەنی باسە ئەمە پێشتر بە نوسراو لاری نەبونمان وەرگرتووە. 

ڕاستە موڵكەكانی ڕافیدەین و ڕەشید كە لەلایەن حكومەتی هەرێم بەكاردێت و بۆ دام و دەزگای تر، بەڵام ئەمە بابەتێكی سەرەكی نییە و ڕێگرییەكی ڕاستی نییە لە كردنەوەی ئەو فەرعانە.

ئەم موڵكانە مەرج نییە بگەڕێندرێتەوە و مەرج نییە بەتەواوی قەرەبوو بكرێتەوە بۆ ئەو دوو بانكە، تەنها لە سەرەتادا مادام خۆیان موڵكیان هەبووە و هەیە، ئەركە لەسەر حكومەت كە موڵك (بینا)یان بۆیان دابین بكات، و ئەم بینایانە رووبەری گەورەی پێویست نییە، بەڵكو تەنها لە ڕووبەری  ١٥٠-٢٠٠ مەتر دەتوانن فەرعەكانیان بكەنەوە.

ئەوەی كە ئەو دوو بانكە چاوەڕوانن كۆبونەوەی هاوبەش و دروستكردنی لیژنەی هاوبەش بۆ دەستكردنی بە هەنگاوی كرداری، حكومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاری بەدواداچون و هەماهەنگی بۆ ئەم پرسە.

بانكی رافیدەین و رەشید هەردووكی خاوەنی ئاپلیكەیشنی خۆیانن و هەموو ئەو تازەگەریانەی لە بانكی ئەهلیدا هەیە بۆ بەكارهێنەر لە شێوازی بەكارهێنان و ناردنی پارە لە ڕێگەی مۆبایلەوە و كڕین و هتد.. لەم دوو بانكەشدا هەیە.