فراکسیۆنی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی ھێرشەکەی کۆرمۆر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند، " ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینەگەر تا بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکرێن و رووبەروی یاسا دەکرێنەوە".
دەقی راگەیەنراوەکە...
پەلاماردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەتوندی ئیدانە دەکەین، کە بەھۆیەوە سێ کارمەند گیانیان لەدەستداو و سێی تریش برینداربوون و بووە ھۆی زیانی ماددی و راگرتنی بەرھەمھێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.
ئەم پەلامارە تیرۆریستیە کە بەدوو درۆن ئەنجامدراوە، بەمەرامی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و زیانگەیاندنە بە سامانی نیشتمانی وەک غاز.
ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە دەبێ بزانن، ئازایەتیان نەنواندوەو چالاکیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو تەنھا سەڵماندوویانە تاوانبارو ترسنۆک و دوژمنی گەلی کوردستانن.
حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم پێویستە بەئەرکی خۆیان ھەستن و لەئاست ئەم تاوانەدا بێدەنگ نەبن و لێکۆلینەوەی راستەقینە بکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ چەندبارە نەبوونەوەی.
ئێمەیش لە فراکسیۆنی یەکێتی ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینەگەر و بەردەوام دەبین تا بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکرێن و رووبەروی یاسا دەکرێنەوەو دڵنیایی دەدەرێ لە روونەدانەوەی ئەمجۆرە پەلامارانە.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
|