بڕیاری لەسێدارەدانی سێ گەنج لە ئێران راگیرا

19/07/2020
ئەمیر حسێن مورادی و سەعید تەمجیدی و محەمەد رەجەبی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

دادگای باڵای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی سێ گەنجی راگرت، کە بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندان و پشێوینانەوە سزاکەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەمیر حسێن مورادی و سەعید تەمجیدی و محەمەد رەجەبی بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ساڵی رابردوو و دروستکردنی ئاژاوە و هاندان دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

چوار پارێزەری ئەو سێ گەنجە لە راگەیاندراوێکدا کە ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، رایانگەیاندووە، دیوانی باڵای ئێران داواکاری ئەوانی بۆ پێداچوونەوەی دۆسیەی ئەو سێ گەنجەی پەسەند کردووە و دوسیەکەیان رەوانەی یەکێک لە لقەکانی دیوانی باڵا کردووە.

بابەک پاکنیا یەکێک لەو چوار پارێزەرە لە تویتێکدا نوسیویەتی، داواکاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەمیر حسێن مورادی و سەعید تەمجیدی و محەمەد رەجەبی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکراوە.

ئەگەرچی راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو سێ گەنجە بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆشحاڵ کردووە، بەڵام ژمارەیەکیان رایانگەیاندووە کە ئەوان داوای ئازادکردنی ئەو سێ گەنجە دەکەن نەک بڕیاری راگرتنی لەسێدارەدانیان.

١٤ی ئەم مانگە وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەواڵی سەپاندنی بڕیاری لەسیدارەدانی ئەو سێ گەنجەی ئاشکراکرد و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوەتەوە.

دوابەدوای ئەو هەواڵەش هەرزوو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپەینێکیان بۆ بڵاوکردنەوەی هاشتاگی "نا بۆ لەسێدارەدان" رێکخست و لەماوی تەنها چوار رۆژدا زیاتر لە حەوت ملیۆن جار ریتویت کرا.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دۆناڵد ترەپ سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی دەروەی فەڕەنسا و سوید و دانیمارک هەڵوێستی جیاوازیان نواند و داوایان لە حکومەتی ئێران کرد، بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.