بافڵ جەلال تاڵەبانی: باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە

08/05/2024
فۆتۆ: 

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتۆن لەگەڵ کۆنگرێسمان براد شنایدەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دیموکراتەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاڕاستەکردنی وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی. بۆ ئەمەش دەبێت هەموولایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێشبخەن و هەوڵەکان لەخزمەت خەڵکدا بێت.

ئاماژەبەوەشدراوە، پرسی تیرۆر و بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و لەوبارەیەوە  بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، جەخت لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانیش لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ژیانی خەڵک.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی جگەلەوەی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عێراق کردەوە، راشیگەیاند، باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.