ئارێز عەبدوڵا: ئەوەی پارتی دەیكات دژ بە سلێمانی خزمەتكردنی بێ بەرامبەرە بە دوژمنانی کورد

18/05/2024
فۆتۆ: 

لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە لە ڕۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بڵاوكراونەتەوە گوایە لە سنووری سلێمانی ڕاهێنان بە چەكدرانی پەكەكە دەكرێت، چاودێریكی سیاسی ئاماژە بەوەدەكات ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بۆ یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی دروستیكردوون و دەیانكات، خزمەتكردنی دوژمنانی كوردە و دژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەلی كوردە.

ئارێز عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیاند: ئەو تۆمەتانەی كە پارتی بە ئاشكرا و بێ گوێدانە پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە گشتییەكانی گەلەكەمكان دەیانخاتە پاڵ یەكێتی و ئیدارەی سنووری پارێزگای سلێمانی خزمەتكردنێكی بێبەرامبەرە بە دوژمنانی گەلی كورد، لە كاتێكدا پارتی لەڕێگەی دەزگایەكی فەرمی زمانحاڵی خۆیەوە ئەو تۆمەتانە ئاراستەی یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی بكات ئەمە كارەساتە كە خۆیشی دەزانیت ئەوەی وتراوە ناڕاستە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی دەوترێت چەكداری پەكەكە لە سلێمانی هەن و ڕاهێنانیان پێدەكرێت درۆیەكی شاخدارە، بەڵام دەكرێت لایەنگرێكی ئەو حزبە لە سلێمانی هەبیت هەروەك لە هەولێر و دهۆك و ئەنقەرە و هەموو دنیاش لایەنگر هەر هەبووە و  دەبێت، چونكە پەكەكە حزبێكی ئایدۆلۆژییە و لەسەرتاسەری دنیا لایەنگریان هەیە، بۆیە ئەمە ناكاتە ئەوەی لە سلێمانی هەبن و لەهەولێر و دهۆك بوونیان نەبێت.

ئەو چاودێرەی سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی بەم كارانەی دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان دەوەستێتەوە و لەهەمان كاتیشدا بیانوو دەداتە بە توركیا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هێرشكردنە سەر سنووری سلێمانی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان، هاوكات ئەم جۆرە سیاسەتەی پارتی دەبێتە هۆی تۆخكردنەوەی جیاوازیكردن لە نێوان هەولێر و سلێمانی و دروستكردنی دووبەرەكی زیاتر لە پێناو بەرژەوەندی توركیا.