ڕاپۆرتێک هۆشداری دەدات لە کوشتنی بەکۆمەڵی کوردەکان لەلایەن تورکیاوە

19/07/2020
هاوڵاتیانی مەدەنی زەرەمەندی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیان لە عێراق و سوریا
فۆتۆ: 

ماڵپەری (ئۆپن دیموکراسی- opendemocracy ) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەوەی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا و عێراق ئەنجامی دەدات، لەناوبردن و قڕکردنی بە کۆمەڵە دژی کوردەکان.

ماڵپەڕی "opendemocracy " لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ئاشکرایکردووە، حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، سیاسەتی لەناوبردنی ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە بزانێت دەبنە هێزی بەربەرکانێ لە بەرامبەر ئەنکەرەدا و لە پێناو  بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی تورکیدا.

ڕاپۆرتە باسی لەوە کردووە، بە ئاگابوونەوەیەک ماوەیەکە لە تورکیا سەریهەڵداوە، ڕەتی ئەو کۆمەڵگە و هێزانە دەکات، کە بزانیێت دەبنە بەربەست لەبەردەم ناسنامەی تورکیدا، بە تایبەت ئەوانەی موسڵمان نین.

راپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە بیروبۆچوونی کۆمەڵناسێکی نەتەوەپەرستی تورکی بە ناوی (زیاء کوک ئالب) کە لەوبڕوایەدایە بیرۆکەی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا بە کرداری پێویستی بە لەناوبردنی کەسانی ناموسڵمان هەیە، وەک ئاماژەیە بۆ ئەرمەن و ئاشوری و یۆنانییەکان و جولەکە.

نوسەری ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕژێمی ئەردۆغان کە لە هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامی  توندڕە و پێکهاتووە، کاردەکات لەسەر پارێزگاریکردن لە کلتوری تورکیا و لەناوبردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە بە هێزی (خائین) بە ناسنامەی تورکیا ناویان دەبات.

راپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە ئۆپراسیۆنەکانی چڵە زەیتون" و "چڕنووکی هەڵۆ" و "چنگی پڵنگ "ی سوپای تورکیا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە بە بیانووی جیاواز جیاواز دەستی پێکردووە، بەڵام خاڵی هاوبەشی سەرجەم ئۆپراسیۆنەکان ئەوە بووە، زۆربەی ئەو کەسانەی ڕوبەڕوی هێرش و لەناوبردن بوونەتەوە هاوڵاتیان مەدەنی بوون، بە دیاریکراویش کورد، جا لە عفرینی باکوری سوریا بێت یان کۆبانێ ، یان ئەو هێرشانەی کە کوردانی ناوچەکانی باکوری عێراقی تیا کراوەتە ئامانج و ژمارەیەکیش لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئێزدی لە ناوچەی شنگال.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە تورکیا چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکاتە ئامانج، هەروەک چۆن هەڤربن خەلەف ئەمینداری حزبی سوریای سەربەخۆی تیا کرایە ئامانج، کە چەندین گێرانەوەی جیاجیا هاتە ئاراوە بۆ تیرۆرکردنەکەی لە نێوان نانەوەی بۆمبی تەوقیتکراو، یاخود دانانی بۆسە بۆ ئۆتۆمبێلەکەی، کاتێک بەڕێوە بووە لە سەر ڕێگای نێودەوڵەتی نێوان پارێزگای حەلەب و قامیشلی.

هەرچەندە تیرۆرکردنی هەڤرین کەس بەرپرسیارێتی خۆی لێ ڕانەگەیاند، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ ئەنکەرە و میلیشیاکانی درێژکرا کە لەناوخۆیی سوریا هاوکاری ئەنکەرە دەکەن، بە تایبەت ناوبراو ڕەخنەی گرتبوو لە هێرش و دەستوەردانەکانی تورکیا لە باکوری سوریا.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا باس لە زیندانیانی کورد کراوە، کە زۆرترین ژمارەی دەستگیرکراوە سیاسییەکانی ناوخۆیی تورکیا پێکدەهێنن، هاوکات تورکیا هەموو ئەو سیاسی و ڕۆژنامەنووسانەی زیندانی کردووە، کە هاوسۆزی خۆیان بۆ کورد دەربڕیوە، پاشان ئەردۆغان هەنگاوی نا بۆ لەسەرکار لابردن و دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانیە کوردەکان لە هەرێمەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە تورکیا سودی لە نائارامی وڵاتانی هاوسێ وەرگرتووە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەویش لەڕێگەی هێرشەکانییەوە بۆ باکوری عێراق و سوریا، ئەوە جگە لەو کۆمەک  و پشتیوانییە زۆرەی کە لەو گروپ و میلیشیا چەکدارانەی دەکات، کە دەستیان هەیە لە ترساندن و کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەر دانیشتوانی گوندە کوردییەکانی باکوری سوریا.

تورکیا هەموو بیانووی هێرشەکانی بۆ دژایەتیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەهێنێتەوە، بەڵام زۆربەی هێرشەکانی هاوڵاتیانی مەدەنیشیان تیا کراوەتە ئامانج.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە قۆزتنەوەی هەلی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کوردانی ناوچەکە، ئەوەش بووە هۆی داگیرکردنی ناوچە سنورییەکانی نێوان تورکیا و سوریا بە درێژایی ١٢٠ کیلۆمەتر لە نێوان هەردوو شاری گرێ سپی و سەرێکانی.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە کراوە بە ئۆپراسیۆنی ئەم دواییەی تورکیا کەلەژێر ناوی (چنگی پڵندا) دەستی پێکرد لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری قەزای زاخۆ، کە دواتر ئۆپراسیۆنەکە درێژ بۆوە بۆ ناوچەکانی باکوری پارێزگای هەولێر لە نزیک برادۆست و خواکورک و دەوروبەری.

سەرباری ناڕەزاییەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەنکەرە بەردەوامە و بەهۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کورد کوژراون.

هێرشەکانی تورکیا چەندجارێک هاوکات بووە لەگەڵ هێرش و تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر ناوچە سنورییەکانی عێراق ، بەغدا هێرشەکانی بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەریی خاکی عێراق لەقەڵەمدا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوە یەکەمجار نییە تورکیا هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکی عێراقدا، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٠٧یش جارێکی تر هێرشێکی پیادەی دەستپێکرد و دوو ساڵ لەمەوبەریش چەند هێرشێکی دیکەی ئەنجامدا و لە چەند ناوچەیەکی خاکی عێراق بنکەی هەمیشەیی دامەزراند و لەو هەندێک ناوچە بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە.