| وەزارەتی شارەوانی مۆڵەت بە دروستکردنی خانو لەسەر زەوی دابەش دوو دەدات  
                             
                                وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێوشوێنی مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو ڕادەگەیەنێت
                                
 
 لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە (2ی حوزەیرانی 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، ئەو مەرجانە خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەن بن.
 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ پاراستنی فرەچەشنیی كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن لە جیاوازیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی ژینگەی ئاوەدانیی شار و شارۆچكەكان لە چوارچێوەی پێوەرە پلانسازییەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان، ئەم بڕیارە دەرچووە. بە گوێرەی بڕیارەکە ئەو زەویانەی دابەش دوو دەکرێن، نابێت لە 200 مەتر دووجا كەمتر بن و پێویستە ڕووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و ڕووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بەلای كەمەوە 100 مەتر کەمتر نەبێت. ساسان عەونی، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆكایەتیی هەموو شارەوانییەكان كردووە، ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و ژینگە و ڕێژەی سەوزایی بكەن و بە وردی و خاڵ ڕوونی كردووەتەوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لەمەوپاش تەنیا كار بەم ڕوونكردنەوەیە دەكرێت. 
 |