لە سنوری زاخۆ پێشمەرگە ١٠ خاڵی نوێ دروستدەکات
لە سنوری زاخۆ پێشمەرگە ١٠ خاڵی نوێ دروستدەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک
بۆ زیاتر پاراستن و کەمکردنەوەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوسەر سنورەکانی قەزای زاخو، هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق دەستیانکرد بە دانانی ١٠ خاڵی نوێ .
جەمال سیاری فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک بە توڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، بەمەبەستی پاراستن و کەمکردنەوەی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا ، ئەمرو یەکشەممە ١٩ی٧ی٢٠٢٠، بەهەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ، دەستمانکرد بە دانانی ١٠ خاڵی نوێ لە سنوری قەزای زاخو و بەردەوامیش دەبین لە دروستکردنی خاڵی زیاتر.
ئاشکراشیکرد، ئەو خاڵانە لە سنورەکانی ناحیەی باتێل سەر بە قەزای سێمێل، ناحیەی دەرکار و باتیفای سەر بەقەزای زاخو جێگردەکرێن .
ئەوەشی خستەڕوو، پێش چەند رۆژێک ھەوڵێکی بەرفراوان لە پاککردنی مینەکان لەم سنورانە دەستیپێکردووە و زیاتر لە ٢٥ مین لەو ناوچانە پوچەڵکراونەتەوە.
زیاتر لە مانگێکە، سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زەوی ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.
پاش چەند هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ئەو هێرشانە، حکومەتی عێراق هێزێکی پاسەوانی سنوریی لەو ناوچانە جێگیرکرد.
|