سوپای تورکیا تۆپبارانی ناو گوندی گوهەرزێی کرد

05/07/2024
فۆتۆ: 

کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی CPT رایگەیاند، لە کاتژمێر 9:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆدا، سوپای تورکیا تۆپبارانی ناو گوندی گوهەرزێی سەر بە قەزای ئامێدی کرد و یەکێک لە گوللە تۆپەکان لەناو ماڵەکانی گوندەکەدا کەوتە خوارەوە.

ئەماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نزیکی تۆپبارانەکە زیان بەر ئۆتۆمبێل و خانووی چەند هاووڵاتیەک کەوتووە، ڕووداوەکە بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ی حوزەیران، سوپای تورکیا 1،076 جار بۆردوومان و هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بەتەنیا لەم ساڵدا 8 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.