چەپ بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە هەڵبژاردنی بردەوە

08/07/2024
فۆتۆ: 

هاوپەیمانی چەپ (بەرەی میللی نوێ) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسادا بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانەوە براوەی یەکەم بوو، پێش کەمپی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن "پێکەوە" کەوت، راستڕەوی توندڕەویش کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا براوەی یەکەم بوو، ئەمجارە لە پلەی سێیەمدا خۆی گرتەوە. دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە بە جۆرێکە هیچ بەرەیەک زۆرینەی رەهای کۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسا (پەرلەمان)ی بەدەست نەهێناوە، بەڵام هاوپەیمانی چەپ خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتەدەست.

 
بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانەوە، ئەنجامی بەرایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات هاوپەیمانی چەپ براوەی یەکەمەو کەمپی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی وڵات لە پلەی دووەمدایەو پێش راستڕەوی توندڕەو کەوتووە کە لە پلەی سێیەمدایە. 

گردبوونەوەی نیشتمانی (پارتەکەی مارین لۆپێن) بەهێزەوە دەچێتە ناو پەرلەمان، بەڵام هەر لە دووری دەسەڵات دەمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەنجامە خراپەکەی بە بەراورد بە چاوەڕوانییەکانی دوای بردنەوەی لە گەڕی یەکەمدا. 
بەر لە سێ هەفتە لە دەستپێکردنی خولی یارییە ئۆلۆمپییەکان لە پاریس، فەڕەنسا خۆی لەناو نادیاردا نقوم دەکات. 

"بەرەی میللی نوێ" کە لە ژمارەیەک پارت پێکدێت و لەناو خۆیاندا لەسەر چەند پرسێک ناکۆکن، سوپرایزی هەڵبژاردنەکە بوو، پێشبینی دەکرێت لەنێوان ١٧٢ بۆ ٢١٥ کورسی پەرلەمانی بردبێتەوە، کەمپی سەرۆک ماکرۆنیش دوای مانگێک لە سەرچڵییەکەی سەرۆک و بانگەوازەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە گەڕی دووەمدا توانای خۆڕاگری نیشانداو بەگوێرەی پێشبینییەکان لەنێوان ١٥٠ بۆ ١٨٠ کورسی پەرلەمانی بردبێت، ئەمە بە بەراورد لە ٢٥٠ کورسی حوزەیرانی ٢٠٢٢. 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکاندا، جان لوک میلنشون رێبەری چەپی رادیکاڵی فەڕەنسا رایگەیاند، دەبێت گابریال ئەتال-ی سەرۆک وەزیران بەجێی بهێڵێت.. دەبێت بەرەی میللی نوێ حوکم بگرێتەدەست، پارتەکەی جان لوک سەربەم بەرەیە. 

میلنشون رێبەری پارتی (فەڕەنسای سەربەرز) وتی: دوای ئەوەی راستڕەوی توندڕەو بوو بە سێیەم کە ئەگەری سەرکەوتنی هەبوو، گەلەکەمان بەڕوونی خراپترین بژاردەی چارەسەری راماڵی. 

لەبەرامبەردا، جۆردن باردێلا سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو رەخنەی لە "هاوپەیمانی شەرمەزاریی"ی گرت، کە فەڕەنسییەکانی لە "سیاسەتی بوژانەوە" بێبەش کرد، وتی: پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی وەکو تاکە بەدیل بەرجەستە دەکات. بەڵێنیدا پارتەکەی بەئاڕاستەی "هیچ چارەسەرێکی سیاسی بەرتەسک" نەخلیسکێت و جەختی کرد" هیچ شتێک ناتوانێت گەلێک رابگرێت کە ئومێدی بۆ گەڕابێتەوە". 
خاتوو مارین لۆپێن رێبەری راستڕەوی توندڕەو لە کۆمێنتێکدا سەبارەت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند" تەنیا سەرکەوتنەکەمان دواکەوتووە. شەپۆلەکە بەرزدەبێتەوە. ئەمجارە بە ئاستی پێویست بەرز نەبووەوە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە هەڵکشان.. ئەزمونێکی زۆرم هەیە بۆ ئەوەی هەست بە بێئومێدی نەکەم بۆ ئەنجامێک کە تێیدا ژمارەی پەرلەمانتارەمانمان یەک هێندە زیادکردووە". 

لایخۆشیەوە، سەرۆک ماکرۆن داوایکرد بە "وریاییەوە"  شیکاریی بۆ دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کێ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی دەکەوێتەئەستۆ، باسی لەوەکرد دوای حەوت ساڵ حوکمڕانیی، هێشتا بلۆکی ناوەند "زۆر زیندووە". کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند، ماکرۆن چاوەڕێی پێکهاتنی پەرلەمانی نوێ دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات. 

گابریال ئەتال سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەمڕۆ دەستلەکاردەکێشێتەوە، بەڵام ئامادەیە لە دەسەڵات بمێنێتەوە ئەگەر پێویست بکات، بەتایبەتیش کە فەڕەنسا بەمزوانە میوانداری یارییەکانی ئۆلۆمپیاد.