قوباد تاڵەبانی: هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق

14/07/2024
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێکی لەبارەی شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: بە داخێکی زۆرەوە لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکی دیکەش برینداربوو.

ئاماژەی بەوەشداوە: لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق.

جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، " هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن".

لەکۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرز و هەڤاڵانی شەهید جوامێر رەشید لە هێزەکانی ئاسایش دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم روحی شەهید جوامێر بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ کارمەندە بریندارەکەی هێزەکانی ئاسایش دەخوازم".