مەزڵوم عەبدی: ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا تورکیا
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاند، ناکرێت قەیرانی سوریا لەڕێگای جەنگ و شەڕەوە چارەبکرێت، بەڵکو چارەسەرەکەی گفتوگۆیە، ئەوانیش ئامادەییان تێدایە لەگەڵ هەمووان گفتوگۆبکەن، لەنێویاندا تورکیا.
لە میانی وتارێکدا بەبۆنەی دوانزەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، "ئەو شۆڕشە لە کۆبانێ دەستیپێکرد بەڵام بە تەواوی ڕۆژئاوادا بڵاوبویەوە، ڕاستە گەلی کورد شۆڕشەکەی هەڵگیرساند بەڵام سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆیانگرت، شۆڕشەکە بە پشتیوانی گەل و شەهیدان و شەڕڤانانمان بوو، لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوامە تا ئەمڕۆ".
عەبدی ئاماژەی بەوەدا، هەمووان درکیان بەوە کردووە کە قەیرانی سوریا بە جەنگ و شەڕ چارەسەرناکرێت، بەڵکو چارەسەر بریتییە لە گفتوگۆ، ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لەنێویاندا تورکیا.
ڕاشیگەیاند کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەن بنەما و مافن، دەبێت ئەوانەش لە هەر گفتوگۆیەکدا لەبەرچاو بگیرێت و نابێت هێزە هەرێمییەکان و ڕژێمی سوریا هەنگاوێک بنێن کە دژبێت بە پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە.
لە کۆتاییشدا دڵنیایی دا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
|