سۆران عومەر: عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی لە هەرێم دەکات کە نیەتی

23/07/2024
فۆتۆ: 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە بەغدا داوای پارەی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام نیەتی

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتی هەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لەسەدا ٧ی مووچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تا ئێستا سندوقی نەبووەو نازانرێت ئەو پارەی چی لێکردووە

ئاماژەی بەوەشکردوە: کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێت لەسندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی رابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لەدۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناموستەحەق و نایاسایی.

باسی لەوەشکردوە: بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە ٪٢٥ی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقی خانەنشینی ٪١٠ی لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و ٪١٥ حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات.

سۆران عومەر دەڵێت: لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە مووچە لە عێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە و داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە.

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ ئەوەشی رونکردوەتەوە: عێراق مووچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لە سندوقی خانەنشینی دەدات نەک لەبوجەی گشتی، ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایەو وەبەرهێنانی پێ دەکرێت، خانەنشین چاوەڕێ ناکات تا کۆتایی مانگ مووچە دەدرێت ئەو لێبڕینی مانگانەی خانەنشینی بۆیە داوە تا لەخانەنشین بونیدا بەزەمانەتەوە مانگانە مووچەکەی لەو سندوقە وەربگرێت.