فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەڕێوەبەری پێشووی دیوانی پارێزگای کەرکوک دەرچوو
دەستەی دەستپاکی عێراق گەندەڵیەکی گەورەی دوو بەرپرس لە پارێزگای کەرکوک ئاشکرادەکات بەتۆمەتی سەرپێچی و گەندەڵی لەگرێبەستێکی دابینکردنی کارەبادا کە لەساڵی ٢٠١١ ئەنجامدراوە
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەماددەی (٣٣) لەیاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری پلاندانان و چاودێری ئەوکاتەی پارێزگا دەرچووە، یەکێکیان هەڵاتووە و پێشتریش بە ١٨ ساڵ زیندانی بەشێوەی ئامادەنەبوو سزادراوە و دەستیش بەسەر سەروەت و سامانەکانیدا گیراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە: سەرپێچییەکان لەگرێبەستێکی نێوان دیوانی پارێزگای کەرکوک و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنی کارەبادا کە بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ شارەکە ئەنجامدراوە، کە یەکێکیان بریتییە لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکە و دوو جاریش دووبارەکراوەتەوە بەبێ ئەنجامدانی هاوپێچ، کە پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی پلاندانانە.
دەستپاکی عێراق باسی لەوەشکردوە: هەروەک رێوشوێنی یاسایی دژی کۆمپانیاکە نەگیراوەتەبەر بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو بڕە وزەیەی رێککەوتنی لەسەرکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە کارەبای بەکەرکوک نەداوە، پارێزگا بە پێدانی بەهاکەی بەردەوام بوە.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، کۆمپانیاکە لەهەموو رسومات و باجێک بەخشراوە کە ئەوەشیان پێچەوانەی یاسای باجی ژمارە ١١٣ بۆ ساڵی ١٩٨٣.
|