بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر: ئەو هێزانەی بەرپرسبوون لە پاراستنی شنگال بەبێ بەرگری ناوچەکەیان جێهێشت
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ناوچەی شنگال و جینۆسایدکردنی گەلەکەی، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر دەڵێت، "ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی بەرپرسبوون لە پاراستنی شنگال بەبێ هیچ بەرگرییەک ناوچەکەیان جێهێشت".
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر رایگەیاند: ئەمڕۆ ١٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی تیرۆرستانی داعش و جینۆساید و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە شنگال، ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی بەرپرسبوون لە پاراستنی شنگال بەبێ هیچ بەرگرییەک ناوچەکەیان جێهێشت و چارەنووسی گەلێکیان ڕادەستی تیرۆرستان کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئێستا پاش چەندین ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە، مایەی خۆشحاڵییە کە خەڵکە ڕەسەنەکەی شنگال ناوچەکەی خۆیان بەڕێوەدەبەن و بوونەتە بەربەستێکی پۆڵایین لەبەردەم گەڕانەوەی ئەوانەی کە بەرپرسی یەکەمی ئەو کارەساتە بوون کە بەسەر شنگالدا ھات.
لەکۆتایی بڵاوکراوەکەیدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر هێما بۆ ئەوەدەکات: شنگال ئازادە و بە ئازادی دەمێنێتەوە.
|