بۆردی راگەیاندنی یەکێتی: پەیامەکەی میدیای پارتی بەلای ئێمەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت

04/08/2024
فۆتۆ: 

بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی وەڵامی راگەیاندنی پارتی دەداتەوە و دەڵێت: "پەیامەکەی میدیای پارتی بەلای ئێمە و ئێزدییەکانی شەنگالەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت و پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت "بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت"

دەقی پەیامەکەی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی..

پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بەساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانی شەنگال، هەمان ئەو رەخنە و قسانەن، کە ساڵانە لەلایەن هەزاران هاوڵاتی ئێزدییەوە دەکرێت و ئۆباڵی چۆڵكردن و رادەستكردنی خەڵكی سڤیلی شەنگال دەخەنە ئەستۆی پارتیەوە، كە دەرەنجام بەهۆی ئەو راکردنەوە هەزاران هاوڵانی ئێزدی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كۆمەڵكوژكران . ئەگەر بتانەوێت نەک هەر قسەی هاوڵاتیانی ئێزدی، بەڵکو قسەی چەندین کەس لە کادیرانی پارتی کە خۆیان سەر بە ئایینی ئێزدین بڵاودەکەینەوە، كە  لەکاتی  فەرمان و کارەساتی شەنگال بەدەنگێکی بەرزەوە دەیانووت "پارتی  ئێمەی فرۆشت" . لێدوان و قسەی قاسم شەشۆی فەرماندەی باڵای پارتی هەیە کە نزیکەی ساڵێک لەسەر شاخی شەنگال بەهۆی كەمتەرخەمییەکەی حزبەكەیەوە بایکۆتی پارتی کردبوو . 

بۆیە پەیامەکەی میدیای پارتی بەلای ئێمە و ئێزدییەکانی شەنگالەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت و پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت "بەری  خۆر بە بێژینگ ناگیرێت".
 
بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان