وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان: سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین

06/08/2024
فۆتۆ: 

لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان ڕایانگەیاندووە: بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لە شنگال، بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان (محەممەد - دروودی خوای لەسەر بێت) وتوویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەکی ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.

 ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نیە، لەپێناو یەکریزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کەھەستی موسوڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.