له‌ سلێمانی زه‌وی بۆ فەرمانبەران و خانه‌نشینان ئاماده‌ ده‌كرێت

07/08/2024
فۆتۆ: 

ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی سلێمانی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش فراوانكردنی ماسته‌رپلانی شاره‌وانی و دابینكردنی زه‌وی نیشته‌جێبونه‌ تاوه‌كو به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینان دابه‌شبكرێت.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی،  ئەمڕۆ ئەنجومەنی شارەوانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا و چەند بابەتێكی گرنگیان پەیوەست بە هاوڵاتییان و فەرمانبەران تاوتوێكرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا رەزامەندی درا لەسەر هەمواركردنەوە و فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی كە بۆ ئێستای شار و دانیشتووانی سلێمانی زۆر گرنگە، بەو پێیەی كە پێویستە خزمەتگوزاریی بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی زیاتربكرێت، لەبەر ئەوەی رێژەی دانیشتووان بەردەوام لە زیادبووندایە و هەروەها پڕكردنەوەی كەمیی خزمەتگوزاریی و زەویی پێویست كە بڕیارە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەنجومەنی شارەوانی بڕیاریدا بە بانگهێشتكردنی لیژنەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە پڕۆژە نیشتەجێبووەكان (سیتییەكان) لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ روونكردنەوەی پێویست لەسەر كۆی خزمەتگوزاریی، سكیوریتی، سەوزایی، كرێی مانگانە و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە زۆربەی دانیشتووانی ناو (سیتییەكان) گلەیی و گازندەیان بەردەوام دەگەیەننە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانیی لە هەمانكاتدا چارەسەركردنی ئاستەنگیی بەردەم تۆماركردنی یەكەكان لەسەر دانیشتووانەكەی.