سەردانەکەى کازمى بۆ سعودیە دواخرا

20/07/2020
فۆتۆ: 

هەرچەندە بریاربوو ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێک بگاتە سعودیە، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعودیە، ئەو سەردانە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ گفتوگرکردن لەسەر چەند پرسێکى تایبەت بە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولاکۆبێتەوە، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعودیە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی سعودیە بە میدیاکانى وڵاتەکەى ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا شا سەلمان شاى سعودیە بارى تەندروستى تێکچووە بەو هۆیەوە سەردانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆکاتێکى نادیا دواخراوە.

شا سەلمان تەمەنی 84 ساڵە و لە ساڵی 2015وە حوکمی سعودیە دەکات. پێش ئەوەی ببێتە شای سعودیە، ماوەی دوو ساڵ و نیو شازادەی جێنشین و جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بووە. هەروەها وەکو پارێزگاری هەرێمی ریاز بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتی کردووە .

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنی دواى ئەوەى محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا لەکۆنگرەیەکى رۆژنامکەوانیدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەى بەوەى کرد ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەگاتە سعودیە.