دەست بەسەر 78 كیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەردا گیرا

15/09/2024
فۆتۆ: 

بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان ڕایگەیاند، دوو بازرگان دەستگیرکران كە بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵیان پێبوە و ویستویانە ئەو ماددەهۆشبەرە بۆ شارەكانی هەولێر و دهۆک بگوازنەوە.

بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەدوو چالاکییدا لە ڕۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش "لەبازگەی هیران" توانییان دەست بەسەر بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا بگرن و دوو كەس دەستگیربكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەکەمییان بڕی 73 کیلۆگرامی لەو مادانە لەنێو ئوتۆمبێلێکی بارهەڵگر و دوەمیشیان بڕی پێنج کیلۆگرامی لەنێو ئوتۆمبێلێکی تایبەتدا حەشار درابوون .

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، لەو دوو چالاکییەدا توانراوە دوو بازرگان دەستگیربکەن کە بەنیازبون ئەو دو بڕە ماددەهۆشبەرە بۆ شاری هەولێر و دهۆک بگوازنەوە.

ئاماژەبەوەشکراوە، لە دادگا دۆسیە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە و تاوانباران بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانەوە بەدواداچون بەردەوامە بۆ ئەو دۆسیەیەو دەستگیرکردنی تەواوی ئەو تۆڕە بازرگانییە.