ئەو كەسەی شوێنی قاسم سولەیمانی بۆ ئەمریكا ئاشكرا كردبوو لەسێدارە درا

20/07/2020
ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە سێدارە درا بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بەسەر قاسم سولەیمانیەوە
فۆتۆ: 

بەیانی ئەمڕۆ ئەو كەسەی ئێران تۆمەتباری كردبوو بە سیخوڕیكردن بە سەر قاسم سولەیمانیەوە لەسێدارە درا.


میدیای حكومەتی ئێران بڵاویانكردەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سزای مەحمود مووسەوی مەجد كە پێشتر سزای لە سێدارەی بەسەردا سەپابوو، جێبەجێكراوە. 

ئەو كەسەی ئەمڕۆ لە سێدارە دراوە پێشتر راگەیەندرابوو كە سزای لەسێدارەكانی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا و لەبەرامبەردا دۆلاری ئەمریكی وەرگرتووە. 

دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندبوو ئەو كەسە لە بواری جیاوازی ئەمنی و بەتایبەتی هێزە چەكدارەكان لەوانە سوپای قودس زانیاری كۆكردووەتەوە و بە هەریەكە لە دەزگاكانی موساد و سی ئای ئەی ئەمریكی داوە. 

ئەو كەسەی ئەمڕۆ لەسێدارەدرا یەكێك لە تۆمەتەكانی ئاشكراكردنی شوێنی هاتووچۆ و دانیشتنی قاسم سولەیمانی و هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكان بووە بۆ سی ئای ئەی و  موساد بە سیستەمێكی تایبەتی.

بەرەبەیانی رۆژی 3ی كانونی دووەمی 2020 لە هێرشێكی فرۆكەكانی ئەمریكا هەریەكە لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق لە فرۆكەخانەی بەغدا كوژران.