ئەندامێکى ئەنجوومەنی نوێنەران: کۆمپانیاى کار رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبات
سەرۆکی لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە یاداشتنامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "کۆمپانیاى کار رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبات و پێویستە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ بکرێت".
سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە یاداشتنامەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیران ئاماژە بەوەدەکات، "لە پێناو پاراستنى سامانى گشتى و جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، دۆسییەیەکى گەندەڵى مەترسیدار پەیوەست بە بەقاچاخبردنى سەد هەزار بەرمیل نەوت لە لایەن کۆمپانیاى کارەوە لە وێستگەى ( سارلۆ) دەخەینە بەردەستان".
دەشڵێت، "ئەو دزییە دەچێتە چوارچێوەى تاوانى بە قاچاخبردنى نەوتى و زیانەکانى لەسەر دەوڵەت ملیاران دۆلارە و ئەگەر ئەو سەد هەزار بەرمیل نەوتە بخرایەتە ناو رێککەوتنى چینى (نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە) وڵات لە لوتکەى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا دەبوو".
باس لەوەشدەکات"لە برى توندترین سزا و گرتنەبەرى رێکاریی یاسایی، کۆمپانیاى کار چوار کێڵگەى نەوت و گرێبەستى کارەبا پاداشتکراوە، ئەوەش هاندان و بە یاساییکردنى گەندەڵیی و پێچەوانەى کارنامەى حکومەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى".
|