ده‌زگای ئاسایش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زیاتر له‌ نیو تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕاده‌گه‌یه‌نێت

16/09/2024
فۆتۆ: 

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگدا 51 تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستیبەسەردا گیراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردووی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و چاودێری ووردی هێزەکانیان بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە دەست بەسەر بڕی 514 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین، کریستاڵ، ماریجۆنا، تلیاک، کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن) بگرن، 51 تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو تۆمەتبارانە ویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی حەشاردان، ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکانەوە بەرەو شارەکان و دواتر بەنیازبوون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە.

ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 و 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.