سۆزان مەنسور: بە ھەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی ھەمواری یاسای دامەزراوەی شەھیدانی عێراق پەسەندکرا

17/09/2024
فۆتۆ: 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی و لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، مافی کەسوکاری پێشمەرگەی شەهید و ئەنفالکراوانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، واتە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە، لە هەمواری یاسای شەهیدانی عێراقدا جێگیر کرا.

سۆزان مەنسور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی و لەسەر راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، توانیمان ماف و شایستەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەمواری یاساکەدا جێگیربکەین.

وتیشی، پێشنیازە یاساکەمان لە بەندی دەیەمی مادەی 20ی پرۆژە یاساکەدا پەسەندکرا کە تەواوی مافی شەهیدانی عیراق دەبەخشێتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە پێی ھەموارەکە ھەموو ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم شەھیدبوون بەفەرمی وەک شەھید لە دامەزراوەی شەھیدان دەناسێندرێن و کەسوکارەکانیان ھاوشێوەی تەواوی شەھیدانی عیراق سود لە ئیمتیازاتەکان وەردەگرن.