| ئاسایشی ھەولێر: خاوەن و بەکارھێنەری گروپی "مەلەفە زەخمەکان" دەستگیرکرا  
                             
                                ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی خاوەن و بەکارھێنەری گروپی "مەلەفە زەخمەکان" راگەیاند و دەڵیت، وێنە و ڤیدۆی نەشیاوی چەندین پیاو و ژنی تۆمارکردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە.
                                
 
 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن چەند ھاووڵاتییەک سکاڵا تۆمارکرا لەسەر ھەژماری "دادە تیک تۆک"، کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدۆی و وێنەی لە چەند کەسێک کردبوو، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ھەولێر و لەڕێگەی تیمی تەکنیکی و دوای ئەنجامدانی بەدواداچوونەکان، توانیان شوێن و ناسنامەی بەکارھێنەری ھەژماری "دادە تیک تۆک" ئاشکرابکەن و دەستگیری بکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، کە ئەو تۆمەتبارە خاوەنی گروپی "مەلەفە زەخمەکان"ـە، لە تەلەگرام و خاوەنی ھەژماری "شوخان"ـە لە سناپچات. ئاسایشی ھەولێر ئاشکراشیکرد، لەبەر ئەوەی تۆمەتبارەکە کەسێکی شارەزا بووە لە بواری تەکنیکی و لە شێوازی گفتوگۆکردندا، توانیویەتی دەنگی خۆی بۆ ژن بگۆڕێت، وێنە و ڤیدۆی نەشیاوی چەندین پیاو و ژنی تۆمارکردووە و لە بەرانبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیان بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە. 
 |