وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە

25/09/2024
فۆتۆ: 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوكردەوە.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگەیاند، بە بۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی شەرعیەتی پەرلەمانیی و تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ بەرچاوڕوونی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و لە پێناو پارێزگاری لە کەشی دیموکراتی و ئازادی ڕادەربڕین و پاکڕاگرتنی ژینگەی میدیایی بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو:

1- پارێزگاری لە کەشوهەوای دیموکراتی لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا، ئەرکی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان، کاندید و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنە. بۆیە گرنگە هەموو لایەک پابەندی ڕێنمایی و وادە دیاریکراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بن.

2- گرنگە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆژنامەنووسان پابەندی بنەما ئیتیکی و یاساییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی بن و خۆیان لە پێشێلکردنی ئەو بنەمایانە بەدوور بگرن.

3- پێویستە هیچ کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی نەبێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە و زمانی زبر لە گەیاندنی پەیامەکانی بەکار نەهێنێت و نەبێتە سەکۆی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە.

4- ڕێزگرتن لە سیمبوڵ و پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنیان بە هەڵمەتی بانگەشە؛ دەستەبەری پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات.

5- بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، زانیاری چەواشەکراو و چاندنی تۆوی ڕق و کینە، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی دەروونی تاک و کۆمەڵگە دەبێت.

6. بەکارهێنانی منداڵان لە بەرهەمی هونەری و ئاهەنگ و چالاکییەکانی تایبەت بە بانگەشە، پێچەوانەی بنەماکانی مافی منداڵە. هەروەها بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی لایک و ڤیو دژبەری مافەکانی مرۆڤە.

7. بەکارهێنانی زمانی زبر و ئەدەبیاتی قۆناغەکانی ڕابردووی ژیانی سیاسیی خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراتی ناکات. لە بری ئەوە باشترە لیست و قەوارەکان کار بۆ خستنەڕووی بەرنامەی خۆیان لە هەڵبژاردن بکەن.

8. ئیرادەی دەنگدەر ڕێزلێگیراوە و دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی و ناچارکردنی بەوەی بڕیاری لە ڕۆژی دەنگدان ئاشکرا بکات، پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.

9. تێکەڵکردنی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن بە گوتاری ئایینی، پێچەوانەی گیانی دیموکراتییە. بۆیە گرنگە ئایین بۆ "تەحریم" و "تەجریم"ـی بەشداریی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی دیموکراتی بەکارنەهێنرێت.

10. لە کاتی بانگەشەدا هێرشکردن و سوکایەتی بە دەنگدەران و دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراو و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، کاندیدان بەگشتی و ژنە کاندیدەکان بەتایبەتی، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان پێشێلکاری یاسا و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسییە.