قوباد تاڵەبانی داوایەکی پارتی بۆ لابردنی وێنەیەکی بافڵ تاڵەبانی بەتوندی رەتدەکاتەوە

28/09/2024
فۆتۆ: 

پارتی بۆ لابردنی وێنەیەکی بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە دەکات و ئەویش بەتوندی رەتی داواکە دەداتەوە و دەڵێت، "وێنەی بافڵ تاڵەبانی لانابرێت".

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، دوێنی ئاری هەرسین پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە کردوە و داوایەکی سەیری لێکردوە کە ئەو وێنە گەورەیەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لاببرێت لەبەردەم لقی چواری پارتی دانراوە "نەوەکو جەماوەرەکەیان ئیستفزاز بن و شتی ناخۆشی لێبکەوێتەوە"

بەپێی زانیارییەکان، هەر لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا قوباد تاڵەبانی رەتی داواکەی پارتی داواتەوە و رایگەیاندوە، "ئەو وێنەو پۆستەرە لانابرێت و هەر کەسیش ئارامی ئەم شارە  تێکبدات ڕووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە"، ئیتر دوای ئەم قسانە ئاری هەرسین زیاتر نیگەران بووە و هەر هەوڵیداوە تاڵەبانی رازیبکات و وتویەتی، " لەبەردەم مەڵبەندی هەولێرو مەکتەبی سیاسی یەکێتی پارتی کاری لەو جۆرەیان نەکردووەو ئەم کردەوەیەی بەردەم لقی چوار کردەوەکە ئیستفزازییە".

ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە،  "کە ڕەنگە  لایەنگرێکی سەرسەختی پارتی هێرش بکاتە سەر وێنەکەو بیشێوێنێ ، ئەمەش فەوزای لێدەکەوێتەوە خۆت ئەزانی شەڕی براکوژی لەفیشەکێکەوە دەستی پێکرد، لەئەستۆی تۆیە ئارامی بپارێزیت"، ئەم قسانە قەناعەتی بە قوباد تاڵەبانی نەهێناوە و سوربوە لەسەر ئەوەی کا نابێت ئەو وێنەیەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لاببرێت کە بە گەورەیی لەسەری نوسراوە، "کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین".