وتەبێژی لیستی یەکێتی: دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت.
وتەبێژى فەرمی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەهۆی ترس لەهەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند رۆژێکە، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت".
دەقى روونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی (١٢٩) یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە...
بەداخەوە جارێکی تر لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لەهەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکە، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت.
دیارە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠-٩-٢٠٢٤ لەکاتی بەشداری کردنی شاڵاو کۆسرەت رەسول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە.
پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن.
تەواوی ئەو کار و کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکات.
جارێکی تر، وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تەئکید لە با نگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە؛ و داواکارین لە هەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بە ڕێوەببەن.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژى فەرمی لیستی یەکێتی
|