قوباد تاڵەبانی: نەیارانی یەکێتی هەوڵ دەدەن ئاژاوە و کێشە دروست بکەن و بێ ڕێزی بە کاندیدەکان و کەسایەتییەکانمان بکەن.

01/10/2024
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک تیمەکانی گەنجانی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند لەم هەڵبژاردنەدا گەورەترین دەرفەت بۆ سەرکەوتنی یەکێتی دروست بووە و ئامانجی گەورە و سەرەکی یەکێتیش ئەوەیە بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێم راست بکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی لە دەستپێکی وتەکانیدا دۆخی یەکێتی لە ماوەی ساڵانی نێوان 2009 بۆ 2022 شی کردەوە کە لەو ماوەیەدا و لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا دوای ساڵی 2022 رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبوو و لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و نێودەوڵەتیشدا تەواو بێ کاریگەر ببوو. بەڵام لەم سێ ساڵەدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر بووە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوانەی لە نزیکەوە سەرۆک بافڵ دەناسن، دەزانن کە بەڵێنێک بدات، جێبەجێی دەکات. وتیشی بەر لە دوو ساڵ، بەڵێنیدا کە هاوسەنگی هێز دروست بکاتەوە و جێبەجێی کرد، لە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی یەکێتی لە کەرکوک و موسڵ و لە گۆڕینی  یاسای هەڵبژاردن و چەندین سەرکەوتنی دیکەش، ئێستا چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا یەکێتی نەک وەک جاران هێزێکی پەراوێزخراو و بێ کاریگەر نییە، بەڵکو ئەو هێزەیە لەناو هەموو هاوکێشەکاندا حیسابێکی گەورە بۆ سیاسەت و بڕیار و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، دۆخی لایەنەکانی دیکە و بە تایبەتیش لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی شی کردەوە و رایگەیاند هیچ لایەنێکیان کەرەستەی پیویستیان نییە بۆ چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی.

وتیشی، تەنانەت یەکێتی چوار ساڵ لەمەوبەریش توانای چاکسازی و گۆڕانکاری نەبوو، بەڵام یەکێتی لەم قۆناغەدا و بەو سەرۆکە بەهێزەی کە هەیەتی و بەو خۆڕێکخستنەوەیە کە کردویەتی و بەهۆی چەندین تایبەتمەندی دیکەشەوە تەنها لایەنێکە کە  کەرەستەی پێویستی بۆ چاکسازی راستەقینە و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەیە و ئەمجارە دەتوانێت و دەشیکات.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند نەیارانی یەکێتی ئەمجارەیان دڵنیان لە سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی، هەربۆیە هەوڵ دەدەن ئاژاوە و کێشە دروست بکەن و بێ ڕێزی بە کاندیدەکان و کەسایەتییەکانمان بکەن.