وتەبێژی یەکێتی: هه‌ژماری من بۆ مقه‌ستكاری مووچه‌یه‌

02/10/2024
فۆتۆ: 

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە (هەژماری من)ـدا گەر مووچەیەک بێت چەندین مقەستی بەردەکەوێت، بەڵام بە (تەوتین) کێشەی مووچە نامێنیت و هەموو مووچەخۆرێک لەکاتی خۆیدا دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "لە (هەژماری من) پارەیەک کە دێت دەبێت بچێتە لای حکومەت و ئەویش بیخاتە سەر بانکی برادەران، ئەوانیش بە ویستی خۆیان سەرفی بکەن، واتە ئەو مووچەیەی کە دێت چەندین مقەستی بەردەکەوێت".

وتیشی،"بەڵام (تەوتین) پشتیوانییەکی یاسایی هەیە، بەشێوەیەکە لە بانک دەردەچێت و دێتە سەرحسابەکەت، هیچ کەسێک ناتوانێت دەستی بۆ ببات".

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشدا، "یەکێتیی (هەژماری من) بە تەواوی رەت دەکاتەوە، خەڵکیش دەبێت (تەوتین) بکەن، لەکاتێکدا لایەنێک دەیەوێت تەوتین بە نانیشتمانی لەقەڵەمبدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تەوتین رێگر دەبێت لەبەردەم دزیکردنی ئەوان، ئەمە لەکاتێکدایە دزیکردن و خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و فێڵی هەڵبژاردن نانیشتمانییە نەک  تەوتین".

باس لەوەشدەکات، بە جێبەجێکردنی تەوتین مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن، هیچ کەسێکیش ناتوانێت معاش بکاتە کارتی فشار لەسەر هاووڵاتیان.