بافڵ جەلال تاڵەبانی دەبێتە هاوسەرۆکی هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازی ١١٩ حزبی جیهانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە سەرکردەکانی پارتە هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازەکان هەڵبژێردرا و نوێنەرایەتی تەواوی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات.
پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان پێکەوە پێیان دەوترێت هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازەکان، ساڵانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و کاندیدەکان هەڵدەبژێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنییان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان.
کۆبونەوەکانی ئەمساڵ لە چیلی بەڕێوەچوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی، سۆسیال دیموکراتی سویدی، پارتی سۆسیالیستی چیلی، پارتی شۆڕشگێڕی مۆدێرنی کۆماری دۆمینیکان، پارتی گەلی مەنگۆلیا، کۆنگرەی نەتەوەیی هیندستان، پارتی کرێکاری ئوسترالیا، هاوپەیمانیی هاووڵاتیانی زیمبابۆی بۆ گۆڕان، هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی کە نوێنەرایەتی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نوێنەری هاوپەیمانییەتییەکە دەبێت لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانییەتییەکە رێگەیەکە بۆ ئەوەی پارتەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەجێنداکانی پارتی سۆسیال دیموکرات لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکەن.
د. دارا خەیلانی ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی وەفدی یەکێتی کە بەنوێنەرایەتی یەکێتی لە سانتیاگۆ لەچیللی بەشداری کۆنگرەی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان دەکات راگەیاند: "سەرۆک بافڵ یەکێکە لە سەرۆکی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان کە وەک ئەنجومەنێکی سەرکردایەتییەو ٩ هاوسەرۆکن و سەرۆک بافڵ یەکێکیانە".
ئاماژەی بەوەشداوە، "هاوپەیمانێتیەکە ١١٩ حزبی سۆشیال دیموکراتی لە جیهاندا لەخۆگرتوەو ئەو پۆستی سەرۆکایەتییە بۆ سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستکەوتێکی پڕبایەخی سیاسییە کە لەنێو ئەو ١١٩ حزبە جیهانییەدا بۆ یەکێتی و حزبێکی کوردستانییە".
د. دارا خەیلانی لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی راشیگەیاند: "جگە لەو سێ حزبە کوردستانییە، هاوپەیمانی دیموکراتی ئیشتراکی عەرەبی کە ١٣ حزبن، پێکەوە پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ بوون بۆ ئەوەی بەیەکێک لە ٩ هاوسەرۆکەکەی هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز".
"پێشتر و بەرلە نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال ھەوڵی زۆری لەوپێناوەدا داوەو رۆڵی یەکێتیش بەرچاو بووە لە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە سۆشیال دیموکرات " د. دارا خەیلانی وادەڵێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لەدامەزێنەرانی ھاوپەیمانی پێشکەوتنخواز کە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوەو ھەر سێ ساڵ جارێک گۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
د. دارا خەیلانی دەشڵێت: "هاوپەیمانییەکە ٤٠ ئەندامی بۆردی هەیە کە دوانیان بۆ یەکێتییەو ٩ هاوسەرۆکی هەیەو یەکێکیان بۆ سەرۆک بافڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
وتیشی: "دیدگای سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆلی گرنگی دەبێت لەسەر ستراتیژ و دونیابینی جیھانی سوشیال دیموکرات و هەورەها لە بەڕێوەبردنی هاوپەیمانییەکە".
|