قوباد تاڵەبانی: کۆتایی بە ستەمی سەر عەشیرەتەکانی بادینان دەهێنین.

07/10/2024
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە ماڵی مام جەلال لە قەزای دوکان پێشوازی لە ژمارەیەک پیاوماقوڵ و کەسایەتی ناسراوی عەشیرەتی هەرکی کرد.

لە دوای ئێوارەخوانێک، لە کۆبوونەوەیەکدا قوباد تاڵەبانی بە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی راگەیاند، وەکچۆن تا ئەو کاتەی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەم ماڵە ماڵی ئێوە و هەموو عەشیرەتەکانی کوردستان بوو، ئێستا و لە داهاتووشدا، ماڵی مام جەلال ماڵی خۆتانە و ئێوە لەم ماڵەدا نەک هەر میوان نین بەڵکو خۆتان خانەخوێن.

دواتر باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند ئەمجارە لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و ئاوارەوە هەڵبژاردن بباتەوە. ئاماژەی بەوەشدا ئەم یەکێتییەی ئێستا دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە، یەکێتییەکەی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەهێز و خاوەن بڕیار و ئیرادەیە و لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی عەشیرەتەکانی کرد و رایگەیاند ئێمە بە وردی ئاگاداری ئەو زوڵم و زۆرەین کە  بەرامبەر بە عەشیرەتەکان و هەر کەسێک دەکرێت کە وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بیر ناکاتەوە.

وتیشی یەکێتی خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە دەزانێت و لە دوای سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بەو ستەم و جیاکارییانە دەهێنێت. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە لەڕێی دەنگدانەوە سزای هێزی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی باسیان لەو زوڵم و ستەمانە کرد کە پارتی لەو سنوورە بەرامبەر بە عەشیرەتی هەرکی و عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، رێکانی، بەرواری، شێروانی، سندی و مزوری و برادۆستی و.. دەیکات و جەختیان کردەوە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارەی کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.