لیژنەی ئارامیی سلێمانی: لە رۆژی هەڵبژاردن بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە

10/10/2024
فۆتۆ: 

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژەنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "لە رۆژی هەڵبژاردن بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هۆکارەکانی وێنەگرتن بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە".

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، کۆبوونەوەی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە، لە رۆژی دەنگدان بردنە ژورەوەی موبایل بۆ بنکەکان و وێنگرتن قەدەغەیە'


دەشڵێت، پێویستە نوێنەری کەناڵی راگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی فیدراڵیان پێبێت و رووماڵ لەو بنکانەدا بکەن کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دیاریکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە چاودێرانی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و چاودێرانی لایەن و قەوارە بەشداربووەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمیسیۆنیان پێبێت.

لیژنەی ئارامی سلێمانی داوادەکات، " ئەو هاوڵاتیانەی تائێستا کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، لە زووترین کاتدا بچن کارتەکان وەربگرنەوە، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت". 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەوامی فەرمیی لە ھەموو خوێندنگا حکومیی و ناحکومیی و تایبەتەکاندا لە رۆژی ١٥ تا ٢١ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ دەوەستێت.

دەربارەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان، لیژنەکە دەڵێت، هەر هاوڵاتییەک داوای گواستنەوەی شوێنی بنکەی دەنگدانەکەی کردووە و گواستنەوەکەی بۆکراوە و نەهاتووە کارتە نوێکەی لە کۆمیسیۆن وەربگرێت، لە زووترین کاتدا سەردانی نزیکترین بنکەی دەنگدان بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە هەر وێستگەیەکی دەنگداندا تەنها ٥٪ـی ئەو هاوڵاتییانەی لەکاتی وەرگرتنی کارتی بایۆمەترییدا پەنجەمۆرەکەیان نەخوێندراوەتەوە، دەتوانن دەنگ بدەن.