بزوتنەوەی گۆڕان: هەر وەزیرێک بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات پەیوەندی بە گۆڕانەوە نامێنێت
بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆی شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندیيان بە بڕیاری كشانەوە دەربڕیوە لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی.
بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوابەدوای، بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان؛ دەرخەری ڕاستی و دروستی ئەم هەڵوێستەیە، کە خەڵک دەیەوێت و خەڵکیش خاوەندارێتی دەکات.
ئاماژەبەوەشدەکات، هاوکات، بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین، کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسیی، پێنجیان پابەندیان بە بڕیاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی.
دەشڵێت، بە پێچەوانەوە، هەر وەزیرێک، بە هەر بیانو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت.
|