لە سلێمانى پرۆژەیەکى نوێ لە ترافیکلایتەکان دەخرێتەکار

20/07/2020
فۆتۆ: فۆتۆ: چۆمان عەبدولڕەحمان

بەڕێوبەری گشتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستا بەدواوە پشت بە کامێراى چاودێرى دەبەسترێت لە ترافیکلایتەکاندا، لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەو پرۆژەیە دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و کامێرە جێگیرەکان دەخرێنەوەکار.

فەرەیدون عومەر بەڕێوبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی  بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە جیهاندا وا باوە زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەسترێت بۆ چاودێرىکردنى ڕەوشى رێگاوبانەکان، کامێراکانیش رۆڵێکى گرنگ دەبینن بۆ کەمکردنەوەى سەرپێچى لەلایەن شۆفێرانەوە، لەهەوڵدان کامێرە جێگیرەکان بخەنەوەکار و کامێرە گەڕۆکەکانیش بەردەوام دەبن لەکارکردن.

وتیشى، کەڵەکە بوونى مامەڵەى هاوڵاتیان بەهۆى بایکۆتى کارمەندانەوە نیییە، بەڵکو پەیوەندى بەوەوە  هەیە کە لەسەرەتاى مانگى ئازارەوە تاوەکوئێستا نزیکەى سێ مانگ پشوو هەبووە، ئەوە وایکردووە مامەڵەیەکى زۆر کەڵەکە بێت، بەهۆى کۆرۆناشەوە بەرێژەى نیوە کارمەندان دەوامیان کردووە.

هاوکات داواش لەهاوڵاتیان دەکەن خۆیان لە قەرەباڵغى بپارێزن، چونکە تا دواى جەژنى قوربانیش سزاى دواکەوتن ناکەوێتە سەریان.

لە بارەى کەمبوونەوە یان نەمانى کارمەندى هاتوچۆ لە فولکەکان بەڕێوەبەرى گشتى هاتووچۆى پارێزگاى سلێمانى ئاماژەى بەوەکرد، دەیانەوێت هاوڵاتیان رابێنن بەوەى لە گۆڕەپانەکان کە ترافیکلایتى تێدابوو پێویستى بەکارمەند نەبێت و شۆفێر لەگەڵ ئامێرە ئەلکترۆنیەکاندا رابێن چۆن رێنماییان دەکەن بۆ وەستان و دەرچوون.

روونیکردەوە، لە ئێستا بەدواوە پشت بە کامێراى چاودێرى دەبەسترێت لە ترافیکلایتەکان، پرۆژەى دانانى کامێراى چاودێرى لە ترافکلایتەکاندا  لەماوەیەکى دیاریکراوى نزیکدا دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن