قەندیل هێرشەکەی ئەنکەرەی لە ئەستۆ گرت

25/10/2024
فۆتۆ: 

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەی هێرشکردنە سەر بارەگای کۆمپانیای توساش تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکە و درۆن بۆ حکومەتی تورکیا ڕاگەیاند و دەڵێت لەلایەن تیمێکی ئەوان بەناوی (تابوری نەمران) ئەنجامدراووە، لە ڕووداوەکەدا دوو گەریلایان بەناوەکانی ئاسیا عەلی و ڕۆژگار هێلین شەهید بوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هەپەگە ئاماژە بەوەدەدات کە ئەم هێرشە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا، هیچ پەیوەندی بە ڕووداوەکانی مانگی ڕابردووی تورکیاوە نییە، ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەو یەکەیەی ئەوان بەناوی تابوری نەمران بەشێوەیەکی بەردەوام لەچالاکیدا نییە، بەڵکو ناوبەناو لە وەڵامی کردەوە و هێرشەکانی تورکیا کردەوەی فیداکاری ئەنجامدەدەن بۆ گەیاندنی هۆشداری بە تورکیا بەرامبەر بە کردەوەکانی لە کوردستان.

هەپەگە دەڵێت ئەو چەکانەی لەلایەن توساشەوە دروستکراون هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە کوردستان شەهیدکردووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەوان لە چالاکییەکانیاندا خەڵکی سڤیل و مەدەنی ناکەنە ئامانج تەنانەت ئەگەر لە سەختترین دۆخیشدا بێت.