مەزڵوم عەبدی: توركیا دەیەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نەهێڵێت
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئامانجی تورکیا کۆتاییهێنانە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئەگەر لە هێرشەکانی بەردەوامبێت وەڵامیان دەبێت. دەشڵێت: هیچ پەیوەندییەکمان بە هێرشەکەی ئەنقەرەوە نییە.
مەزڵوم عەبدی، پەیامێکی لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی تورکیا کۆتاییهێنانە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ پەیوەندییەکمان بە رووداوەکانی ئەنقەرەوە نییە، کە تیایدا هێرشکرایە سەر ناوەندێکی سەربازیی سوپای تورکیا".
مەزڵوم عەبدی وتیشی، بڕیارمان ئەوەیە کە لەسەر خاکی تورکیا هیچ چالاکییەک ئەنجام نادەین، گۆرەپانی سەربازییمان تەنیا خاکی سووریایە، زۆرجار دووپاتمان کردووەتەوە کە کێشەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بە تایبەتتر تورکیا بەڕێگەی دانووستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکەین، بەڵام ئەم هێرشانە و درێژە پێدانی دەبێتە مەترسیی لەسەر هەوڵدانەکانی ئێمە بۆ دانووستاندن و گفتوگۆ.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەگەر ئەم هێرشانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئێمەش ئاستی چالاکییە وەڵامدانەوەکانمان بەرزتر دەکەینەوە.
|