وەزارەتی دارایی: هەر مووچەخۆرێک بایۆمەتری نەبێت مووچەکەی رادەگیرێت
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو مووچە خۆرانە ئاگادار دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا، ( upn ) یان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە و دەڵێت، "پێویستە تا ( ٢٠٢٤/١١/٢٠ ) خۆیان تۆمار بکەن".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، " لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە پێویستە".
١- هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەھیدانەی تا ئێستا ( upn ) یان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە پێویستە تا ( ٢٠٢٤/١١/٢٠ ) خۆیان تۆمار بکەن.
٢- بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستەمی بایۆمەتری هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتە کە بەهۆکاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و هتد...
٣- هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تا بەرواری ( ٢٠٢٤/١١/٢٠ ) کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/١٠/٢٧
|