بافڵ جەلال تاڵەبانی: درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەبین
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەلایەن ھەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانییەوە پێشوازیلێکرا.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتوو، لەدیدارەکەدا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قۆناغی پاش هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگیی سەرجەم ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی کرایەوە تاوەکو هەمووان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی بەرنامە نیشتمانییەکەی یەکێتی و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک بکەن.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەدرێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کرد بۆ سەرخستنی یەکێتی و ئاماژەی بەوەکرد، بە پێزانینەوە لە رۆڵی سەرکردە و تێکۆشەرانی یەکێتی دەڕوانین و هەوڵ و خەباتیان لەپێناو کوردستاندا بەرز دەنرخێنین. ئێمەش بەشوێنپێی ئەو تێکۆشەرانەشدا هەنگاودەنێین کە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال خزمەتی گەل و وڵاتیان کردووە.
ئەوەش هاتووە، سەرۆک بافڵ هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر و ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەهەمان رۆحییەتی کوردانە و یەکێتییانەوە درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەبین، ئامانجمان بەدیهێنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و هەرێمێکی بەهێزترە، بۆ ئەمەش بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاودەنێین و ئەو بەڵێنەی بە خوێنی شەهیدان و خەڵکی کوردستانمان داوە، دەیبەینەسەر.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکە باس لەوەکراوە، لەبەرامبەردا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سوپاسی رۆڵی گرنگی سەرۆکی یەکێتی کرد کە پەرۆشانە لەخەمی باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانییان و راستکردنەوەی رێرەوی چەوتی حوکمڕانیدایە.
|