لەهەولێر ئامادەکاری بۆ وەرزى بارانبارین و زستانی ئەمساڵ دەكرێت
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانى ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکی نەخوازراو لە وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ، دەشڵێت، "هەموو كارەكانی حكومەت بەرزدەنرخێن كە لە ماوەكانی ڕابردوودا ئەنجامدا بۆ ڕێگریكردن لە دروستبونی لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکان".
ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ ئەنجامدرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەندى و بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرانى ئاودێرى، ئاوەڕۆ، بەرگرى شارستانى، ناوەندى قەیرانەکان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەى بوون، دواى هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى ساڵانى ڕابردوو، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشی لە تیمەکان کرد و هەموو ئەو پڕۆژە و کارانەى حکومەتى هەرێمی کوردستانیش، کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى باران بارین لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى و چارەسەرکردنى گرفتەکانى لە سەنتەرى شار و دەروبەرى ئەنجامدراون بەرزنرخاند.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ و ئامادەكاریی فەرمانگەكان، پارێزگارى هەولێر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانى ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکانى شار و پاککردنەوەى کەند و رێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران.
|