پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەفغانستان دەستیگرتووە بە سەر (٤٠٠) تانکەر نەوتی قاچاغی هەرێمدا
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا یەک بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی عێراق نەکردوە و بەقاچاخ هەناردەی دەرەوەی دەکات، ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەفغانستان ئەمڕۆ دەستیگرتووە بەسەر (٤٠٠) تانکەر نەوتی بە قاچاغبراوی هەرێمی کوردستاندا".
شەداد فارس، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (العهد) باسی لەوەکردوە: حکومەتی هەرێم یەک بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەکردووەو ناشیکات، جەختیشدەکات لەوەی، حکومەتی فیدراڵی زۆر جدی بووە لە پرسی پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازداو، وەزارەتی نەوت چەندین پێشنیازی پێشکەشکردووە، کە یەکێک لەو پێشنیازانە ئەوە بووە کۆمپانیایەک دروستبکرێت بەناوی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگای بەسرەو پارێزگاکانی تر، هەروەها پێشنیازی ئەوەی بۆکردون کە حکومەتی هەرێم ئەو گرێبەستانەی رادەستبکات کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان کردوویەتی، لەپێناو گونجاندنی بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەکان و سیاسەتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بەڵام هەرێم تائێستا تەنها یەک نمونە لەو گرێبەستانەیان رادەستنەکردووە،
وتیشی: یاسای نەوت غاز لە سایەی ئەم حکومەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان تێناپەڕێت.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندوە، جۆرێک یاخیبون و دەستگرتنی روون هەیە بە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی بەشێوەیەی قاچاغ، بەوهۆیەوە ئێستا عێراق بووەتە بەشێک لەو وڵاتانەی نەوت بە قاچاغ دەفرۆشن، هۆکارەکەشی حکومەتی ھەرێمە.
لە کۆتایدا ئەوەشی ئاشکراکردوە کە، ئەفغانستان ئەمڕۆ دەستیگرتووە بەسەر (٤٠٠) تانکەر نەوتی بە قاچاغبراوی هەرێمی کوردستاندا.
|