محەمەد حەلبوسی: شاخەوان عەبدوڵا پاسەوانەکانی بەکارهێناوە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر پەرلەمانتاران

31/10/2024
فۆتۆ: 

سەرۆکی لەکارلادراوی عێراق داوادەکات شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاربخرێت بەهۆی ئەوەی لەکاتی دانیشتنی جەلسەی پەرلەماندا پاسەوانەکانی هێناوەتە نێو دانیشتنی پەرلەمان و ئاڵۆزی دروست کردوە

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العهد" رایگەیاند: داوای لەکارخستنی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانمان کردووە، بەهۆی بەکارهێنانی پێگەکەی بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەسەر ئەنجومەندا، بەوە پێشێلی مەرجەکانی پێگەی کردووە، کاتێک پاسەوانەکانی بەکاربهێناوە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر پەرلەمانتاران، ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئاماژەی بەوەشکردوە: نابێت پاسەوانی شەخسی بچێتە ناو دانیشتنەکانی پەرلەمان، پێویستە پاسەوانەکانی ئەنجومەن ئامادەبن بۆ پاراستنی ئارامی دانیشتنەکان، نەک پاسەوانەکانی شەخسی، جارێک ئەوەیان کرد لە هەولێر کاتێک رێگەیان لە سەرۆکی پەرلەمان گرت بچێتە ناو شارەکە، ئێرە بەغدادە جیاوازە.

حەلبوسی لەبارەی یاسای گەڕانەوەی زەوی و زارەکانیش کە ئاڵۆزییەکەی پەرلەمانی عێراقی لەنێوان پەرلەمانتارانی کوردو پەرلەمانتارانی حزبی تەقدومی لەسەر دروستبوو، دەڵێت: رێککەوتنەکە ئەوەیە ئەو رەشنوسە بکرێتە بنەما کە حکومەت ناردویەتی، بەڵام کورد بڕگەی تری بۆ یاساکە زیادکردووەو دەیانەوێت تەنانەت قەرەبوی ئەو کەسانەش بکرێتەوە کە پێشتر قەرەبوکراونەتەوە.