وەڵامێك لە میدیای یەكێتییەوە بۆ میدیای باڵی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی

04/11/2024
فۆتۆ: 

میدیای یەكێتی بە راگەیەندراوێك وەڵامی ئاڤای سەر بە باڵی دەسترۆیشتووی ناو پارتی دەداتەوە و دەڵێت، “تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت و لایەنێك كە تەنها لە ماوەیەكی كورتی پێش بانگەشە و رۆژانی بانگەشە سێ رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا نەك بە تەزكیەی حزبی، بەڵكو لەناو بارەگای حزبی 33 هەزار كەس لە كادیر و ئەندامانی خۆیان بەشێوەیەكی نایاسایی دابمەزرێنێت، چۆن لە روویان دێت باس لە تەزكیەی حزبی و گەندەڵی بكەن”.

دەقی راگەیەندراوەكە....

لایەنێك كە تەنهالە ماوەیەکی کورتی پێش بانگەشە و رۆژانی بانگەشە (٣) رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا نەك بە تەزكیەی حزبی، بەڵكو لەناو بارەگای حزبی (٣٣) هەزار كەس لە كادیر و ئەندامانی خۆیان بەشێوەیەكی نایاسایی دابمەزرێنێت، چۆن لە روویان دێت باس لە تەزكیەی حزبی و گەندەڵی بكەن.

سەرەتا دەمانەوێ‌ بڵێین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چاوپۆشی لە هیچ كارێكی نایاسایی ناكات و بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە لە هەموو زانكۆكان دەكات  و هەر كەسێكیش سەرپێچی یاسای كردبێت، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەم هاتوو هاوارەی ئێوە و بەكارهێنانی زمانێكی زبری دوور لە هەموو ئاكارێكی میدیایی لەسەر بابەتی دامەزراندنی هەندێ كەس لە زانكۆی راپەڕین گوایە خەڵكی ناشایستەی تێدایە و ئێوە بە ئابرووچوون ناوی دەبەن. ئێمە لە ئێوە و لە حزبەكەتان دەپرسین ئەگەر ئەوە ئابڕووچوون بێت ئەدی لە دوا رۆژەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە چ یاسایەك و بە چ دەسەڵاتێك هەزاران كادر و ئەندامی پارتی لە بارەگای لقەكانی ئەو حزبە ناونووسكران بۆ دامەزراندن و  یەكسەر مووچەشیان بەسەریدا دابەشكرا. ئابروچوونی گەورە ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەران بەهۆی دامەزراندنی ئەندام و کادیرانی خۆتانەوە نزیکەی (١٠٠) ملیار دینار زیادی کردووە. گوژمی مووچەی فەرمانبەران لە کابینەی هەشتەم کەمتر لە (٩٠٠) ملیار دینار بووە، ئێستا گەیشتووەتە (٩٩٦) ملیار دینار. ئەمەیە ئابروچون و گەندەڵی کەم وێنە. چۆن لەرووتان دێت قسە لەسەر جیاكاری و مافی خوێندكارە یەكەمەكان بكەن، لە كاتێكدا كە بڕیاری دامەزراندنی یەكەمەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی كاربەرێكەرە و بۆچی تا ئێستا بڕیاری دامەزراندنیان نەداوە و ئەمڕۆ لەدوا رۆژی تەمەنی كابینەكەیدا ئێوە فرمێسكی تیمساحی بۆ خوێندكارە یەكەمەكان دەڕێژن. ئەگەر راستە ئێوە خەمی خوێندكارە یەكەمەكانتانە، ئەدی لەناو ئەو هەموو خوێندكارە بەهرەمەندە، بۆچی كوڕەكەی سەرۆكی حكومەت و خاوەنی (ئاڤا) لەسەر حسابی داهاتی خەڵك و بە ملیۆنان دۆلار لە شانشینی بەریتانیا خستیانە بەر خوێندنی تایبەتی كۆلێژی سەربازی و یەكسەریش وەك فەرماندەی باڵا دەست بەكاربوو. دیسانەوە دەپرسین ئەگەر راستە ئێوە خەمی خوێندكارە یەكەمەكانتانە، كێ دەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتبوو لە ماوەی (6) ساڵی رابردوو بڕیاری دامەزراندنیان بدات بە ئێستەشەوە. لە كۆتاییدا دەڵێین ئێوە ناتوانن خۆڵ بكەن بە چاوی خەڵكەوە و باس لە كۆچی گەنجانی وڵات بكەن، خەڵكی كوردستان دەزانن كە گەنجانی ئەم وڵاتە بۆچی و لەبەر نادادی و جیاكاری و حكومڕانی چەوتی كام لایەنەوە وڵات بەجێدێڵن و لە دەرەوەی وڵات لە تۆڵەی ئەو نادادی و جیاكاری و چەوتییانە بەرپرسانی كام لایەن هێلكەباران دەكەن.