ناوەڕۆکی کۆتا پەیامی ئەمریکا بۆ عێراق لەبارەی "گروپە چەکدارەکان"
لە دوایین پەیامی ئەمریکا بۆ عێراق بە روونی باس لەو نیگەرانییانە كراوە كە ئەمەریكا هەیەتی لە دژی زیادبوونی چالاكی گرووپە چەكدارەكان لە عێراقدا.
ئەمڕۆ دووشەمە 4ی تشرینی دووەمی2024 سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەری "بغداد اليوم"ـی ڕاگەیاند، پەیامە ئەمریکا رۆژی شەممەی رابردوو گەیشتۆتە بەغدا، لە پەیامەكەدا بە روونی باس لە نیگەرانییەكانی كۆشكی سپی كراوە سەبارەت بە زیادبوونی چالاكی گرووپە چەكدارەكان و تێوەگلانیان لە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە پەیامەكەدا باس لەوە كراوە كە هەوڵی بەردەوامی ئەمەریكا هێوركردنەوەی دۆخەكە و دوورخستنەوەی بەغدا بووە لە ململانێ و پێشهاتەكان.
ئاماژەی بەوەشدراوە، كە تا ئێستا ئەمەریكا بەشداریی سەربازی لە جەنگی لوبنان و غەززە نەكردووە، لەبەرامبەریشدا بەهیچ شێوەیەك درێغی ناكات لە بەرگریكردن لە ئاسایشی ئیسڕائیل.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامەكە هۆشداری و هەڕەشەی تێدا نەبووە، بەڵام جەخت لەوە كراوەتەوە كە رەنگە زیادبوونی چالاكی گرووپە چەكدارەكان فشار و بەرچەكردار دروست بكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەممە رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسڕائیل) هۆشداری دابووە بەغدا و بڵاوی كردبووەوە كە ئیسڕائیل چەند ئامانجێكی لە ناوخۆی عێراق دیاری كردووە و لێیان دەدات، ئەگەر گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران هێرشەكانیان نەوەستێنن.
|