پارێزگاری هەولێر: زەوی فەرمانبەران لەسەر رێگای هەولێر- دهۆکەو شارێکی مۆدێڕن دروستدەکرێت
پارێزگاری هەولێر زانیاری نوێ لەسەر پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەخاتەڕوو و دەڵێت، "ئەمڕۆ زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە مەرجەکانیان تێدایە".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆک وەزیران، ڕێکارەکانی دابینکردنی زەوی دەستیپێکرد، بەخۆشحاڵیەوە دوای تەواوبوونی ماستەرپلانی هەولێر، یەکێک لە باشترین شوێنەکانی هەولێر دیاریکرا ئەویش دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی هەولێر- دهۆک".
باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی ئامادەکارییەکانی ئەو ماستەرپلان و دیزانییەی بۆ ئەو زەوییانە کراوە، شارێکی مۆدێرن دروست دەکرێت کە:ئاوی بە ئاسانی پێدەگات، چونکە نزیک پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێرە.
لە دیزاینکردنیدا شەقامی ٣٠ مەتری و ٢٠ مەتری تێدایە، کەمترین ژمارەش شەقامی ١٢ مەتری تێدایە، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین دەکرێت، وەک ڕێڕەوی پاسکیلسواری، ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
ئەمرۆ تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان، کاروکارباری کۆمەڵایەتی، شارەوانی و پەرلەمانی کوردستان، بەشێواز و میکانزمێکی باش کرا، پیرۆزبایی لەو سێ هەزار فەرمانبەرانە دەکەین کە ناویان دەرچووە.
وتیشی، دوای دڵنیابوون لە سوودمەندبوونیان ئینجا کارتەکانیان پێ دەدرێت.
|