بەغدا مووچەی مانگی ١٠ رەوانەی هەرێم دەکات
سەرچاوەیەک هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، "بەراورد بە مانگی رابردوو بڕە پارەکە زیادی کردووە ".
ئاژانسی بەغداد ئەلیەوم لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئەوەی ئاشکراکردوە، کە وتووێژەکانی وەفدی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشداوە، "گفتوگۆکان لە بەغدا بەردەوامن، وەفدەکەی کوردستانیش لەگەڵ دیوانی وردبینی لە وەزارەتی دارایی کۆبوونەتەوە و کورتەیەکیان لەبارەی ئامار و ژمارەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی یەکەم و پێشهاتەکانی پرۆسەی تەوتینکردنی مووچە خستووەتەڕوو".
ئەوەشی ئاشکراکردوە، "بەراورد بە مانگی رابردوو بڕە پارەکە زیادی کردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم ناوی ئەو وانەبێژانەی زیادکردووە کە بەگرێبەست کراون، هەر ئەمەش وایکردووە خەرجکردنی مووچە دواکەوتووە".
ئاژانسەکە لەو سەرچاوەیەوە ئەوەی زانیوە،" کە بەغدا داوایکردووە کە حکومەتی هەرێم داهاتی چەند مانگی رابردووی دەروازە سنوورییەکان رادەست بکات".
ئەوەشی راگەیاندوە، "بەغدا لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەجبەی یەکەمی پارە بۆ مووچە دەنێرێت کە بڕەکەی زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە، و تا کۆتایی هەفتەش هەموو پارەکە دەنێرێت".
|