د. نەرمین مەعروف: هەرێم دەتوانێت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكات
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تێچووی نەوتی هەرێم خراوەتە ناو هەمواری یاساكەوە بۆ ساڵی 2025 و دوای ئەوەی دەنگی پێویستی بەدەستهێنا هەرێم دەتوانێت لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە جارێكی دیكە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكات.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەمواری یاسای بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەهەفتەی داهاتووشدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت.
وتیشی، لەهەمواری یاساكەدا ئەو ماددەیەی بۆ زیادكراوە كەپەیوەندیدارە بەتێچووی نەوتی هەرێم، چاوەڕوانیش دەكرێت لەم مانگەدا كە وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران درێژكراوەتەوە، دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەگەر ماددەكە لەئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، هەرێم دەتوانێت لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە جارێكی تر دەست بەهەناردە كردنەوەی نەوت بكات.
لە كۆبوونەوەی 5ی ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، بڕیاریدا لەخەرجییە سیادییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، بەرامبەر ئەو نەوتەی كە لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانیی "سۆمۆ" و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵەوە وەردەگیرێت بگرێتە ئەستۆ، تێچووەكەش بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە 16 دۆلار دەخەمڵێندرێت.
|