پارێزگاری کەرکوک: بەیاسا کێشەی جوتیاران چارەسەردەکەم
لەسەر گرفتی جوتیارانی کورد لە کەرکوک پارێزگاری کەرکوک هاتە دەنگ و رایگەیاند، "بەیاسا کێشەی جوتیاران چارەسەردەکەم و هەق بۆ ئەو کەسەیە کە یاسا لەگەڵیەتی"
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکوک رایگەیاند، "لەگەڵ نوێنەری جوتیارانی ناوچەی سەرگەڕان کۆبوومەوە و بڕوام بە خۆم هەیە و دەزانم چی دەکەم، بڕواشم بە برا جوتیارەکانی ئەم ناوچانە هەیە کە لەسەر هەقن، ئەوەشی کە پێویستە ئەنجام دەدرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەم، هەندێک کەس و لایەنیش دەبێت واز لە موزایەدە بهێنن با جوتیارە کوردەکانمان لەوە زیاتر زیانیان پێنەگات".
پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا باسی لەوەشکرد، "یاسا جێبەجێ دەکەم، هەق بۆ ئەو کەسەیە کە یاسا لەگەڵیەتی، یاساش پشتگیری جوتیارە کوردەکان دەکات و جێبەجێکردنی ماوە، لەکۆتاییشدا من سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵم و بڕیاری کۆتایی لای منە".
|