قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی میسر کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە باڵیۆز مەحمود فاروق عامر، کونسوڵی گشتیی نوێی میسر لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی میسر کرد و ئامادەیی خۆی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی دەربڕی بۆ هەرجۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتی میسر و هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە بە پەرۆش بووە بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و روونیشی کردەوە کە لەم قۆناغەشدا هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین و بەهێزترین پەیوەندییە لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ وڵاتی میسر.
ئاماژەبەوەشدراوە، گفتوگۆکرا لەبارەی قۆناغی پاش ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر ھەوڵدان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر کە خزمەتی ھەموو ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر لە بوارەکانی کلتور و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کرا.
هەردوولا هاوڕابوون دەرفەتی زۆر باش هەیە کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەر سێ بوارەکەدا و پێویستە بەپێی پلانی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش کار بکرێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەهەر سێ بوارەکەدا.
|